بازاڕی کوردستان: بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی پیشەسازی کاشی و سیرامیکی ئێران دەڵێت، بڕیاری بانکی ناوەندی عێراق و یاسای نوێی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی، پرۆسەی هەناردەکردنی کاڵای ئێرانی سنووردار کردووە، ئەمەش بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوەیە.
بهنام عەزیززادە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ «بازاڕی کوردستان» ڕوونیشی کردەوە، زیاتر لە سەدا 75%ی بەرهەمەکانی پیشەسازی کاشی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت.
عەزیززادە ئاماژەشی بەوە کرد، بەپێی ڕیزبەندی جیهانی، ئێران لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕووی بەرهەمهێنانەوەی کاشی و سیرامیک پلەی پێنجەمی و لە بەرهەمە هەناردەکردنیش پلەی شەشەمی جیهانی بەدەستهێناوە.
عەزیززادە گوتی، پیشەسازی کاشی و سیرامیک لە ڕیزی15 پیشەسازی پێشەنگی ئێراندایە. ئەم پیشەسازییە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی هەیە. کەرەستەی خاو، وزەی هەرزان، و هێزی مرۆیی بە ئاسانی دەستدەکەوێت، کە ئەمەش پێشەنگییەکی بەرچاوی ڕکابەرییان پێدەبەخشێت.
عەزیززادە ڕایگەیاند، توانای بەرهەمهێنانی ئەم پیشەسازییە لە ساڵی 1957- کاتێک یەکەمین کارگەی بەرهەمهێنانی کاشی لە ئێران دامەزرا – لە 500,000 مەتر بەرز بوو بۆ زیاتر لە 750 ملیۆن مەتر، کە گەشەی چەندایەتی و چۆنایەتی لە ٧ دەیەی ڕابردوودا نیشان دەدات.
بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی پیشەسازی کاشی و سیرامیکی ئێران لە کۆتاییدا وتی، لەم پیشەسازییدا زیاتر لە 145 کارگەی بەرهەمهێنانی هەن، کە لەم بوارەدا زیاتر لە 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنان کراوە. ههروهها نزیک بە 450,000 کسا لەم پیشەسازییدا بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاردەکەن.
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەشێکی زۆر لە کاڵاکانی هەناردەی بازاڕەکانی ههریمی کوردستان و عێراق دەکات، بەهای هەناردەی مانگانەی ئێران بۆ عێراق دەگاتە زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلار.