لە 10 مانگی ئەم ساڵدا زیاتر لە ملیۆنێک تۆن بەروبوومی کشتوکاڵی هەناردەی شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق کراوە، ئەوە بە گوێرەی لایەنی پەیوەندیدار بۆ رووداو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی تشرینی دووەم، جیهان رەسوول، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، “لە سەرەتای ئەم ساڵەوە توانیومانە نزیکەی 245 هەزار و 788 تۆن بەرهەمی خۆماڵی پارێزگاکەمان بۆ شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بنێرین”.
بە گوتەی جیهان رەسووڵ، “زۆربەی ئەو بەرهەمەی هەناردە کراوە بریتی بووە لە پەتاتە، پیاز، تەماتە و خەیار”.
گوتەبێژی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، “لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی نێوخۆیی، لە کاتی پێگەیشتنیدا هاوردەکردنی پەتاتە قەدەخە دەکرێت و بەرهەمەکانی دیکەش باجیان لەسەر دادەنرێت”.
هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە هێڤی ئەبوبەکر، لێپرسراوی بەشی پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە رووداوی گوت، “لە 10 مانگی ئەم ساڵدا نزیکەی 375 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵیمان هەناردەی شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق کردووە”.
بە گوتەی هێڤی ئەبوبەکر، “تەماتە، شووتی، بیبەر، خەیار، کەلەرم، کاهوو، کاڵەک، قەرنابیت، ترۆزی، شێلم و توور ئەو بەرهەمانە بوون کە هەناردە کراون”.
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێریش بۆ رووداو، “ئەم ساڵ زیاتر لە 750 هەزار تۆن رەوانەی شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق کراوە کە میوە و سەوزە بووە”.
رۆژی 7ـی ئەم مانگە، محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رووداوی گوت، “ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕی بازرگانی هاوبەشمان هەیە و بەگوێرەی ئەو خشتانەی لەسەری رێککەوتووین، کاڵا و بەروبووم ئاڵوگۆڕ دەکەین.”
سهرچاوه: رووداو