بازاڕی کوردستان: ئێران لە کۆتاییەکانی ئادار تاوەکو تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بایی نزیکەی 8 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
بەپێی داتاکانی ئیدارەی گشتیی گومرگەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەناردەی نانەوتیی ئێران لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی دارایی ئێران [21ـی ئادار-21ـی تشرینی دووەمی 2024] 18٪ زیادبووە بەراورد هەمان ماوەی ساڵی پێشتر.
ئێران لەو هەشت مانگەدا 103 ملیۆن و 558 هەزار تۆن کاڵای هەناردە کردووە کە بەهاکەی 38 ملیار و 152 ملیۆن دۆلار بووە.
هەر لەو هەشت مانگەدا ئێران 24 ملیۆن و 525 هەزار تۆن کاڵاشی هاوردە کردووە بە بەهای 45 ملیار و 127 ملیۆن دۆلار.
بەم پێیەش، کورتهێنانی بازرگانیی نانەوتیی ئێران لەو ماوەیەدا 7 ملیار دۆلار بووە.
لەو هەشت مانگەدا، بە بەهای 9 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار، زۆرترین هەناردەی ئێران بۆ چین بووە.
دوای چین، ئێران زۆرترین کاڵای لەو ماوەیەدا هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە کردووە بە بەهای 8 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.
دوای عێراقیش، ئیمارات، تورکیا، ئەفغانستان، پاکستان و هیندستان زۆرترین کاڵای ئێرانییان هاوردە کردووە.
ئەو حەوت وڵاتە بەیەکەوە 82.29٪ـی کاڵای نانەوتیی ئێرانیان هاوردە کردووە.
هاوکات ئێران زۆرترین کاڵای لە هەریەک لە ئیمارات، چین، تورکیا، ئەڵمانیا، رووسیا و ئیماراتەوە هاوردەکردووە.
ئیدارەی گومرگەکانی ئێران هەناردەی نانەوتی وڵاتەکەی بەبێ هەناردەکردنی کارەبا و نەوتی خاو و خزمەتگوزارییە ئەندازیارییە تەکنەلۆژییەکان بە 136.4 ملیۆن تۆن بە بەهای 49.33 ملیار دۆلار داناوە.
ئێران لە ساڵی دارایی پێشوودا بایی 35 ملیار و 87 ملیۆن دۆلار نەوتی خاو و، بایی 370 ملیۆن دۆلار کارەبا و بایی یەک ملیار و 293 ملیۆن دۆلار خزمەتگوزاری ئەندازیاری تەکنیکیی هەناردەکردووە.
لە ئێستادا نزیکەی نیوەی پێکهاتەی هەناردەکردنی ئێران بۆ عێراق ناجێگیرە و دەتوانێت کێشەی جددی بۆ دامەزراندنی ئەو ئێرانیانەی لەو بوارەدا کاردەکەن دروست بکات. عێراق هەڵوێستێکی جیاوازی هەیە بەرامبەر بە وەرگرتنی باجی گومرگی لە گومرگەکانیدا بەهۆی جیاوازی یاساکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند. جگە لە ناتەبایی گومرگی، گۆڕانکاریی بەردەوامی یاساکانی گومرگی لە عێراق و قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی هەندێک کەلوپەل بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، زیانی بە هەناردەکردنی ئێران گەیاندووە.
بەڵام چارەسەری ئەم دوو کێشەیە ڕوونە. ڕێککەوتنێکی بازرگانی تۆکمەی نێوان ئێران و عێراق تا ڕادەیەکی زۆر دەتوانێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە ئاماژەیان پێکراوە. بەستنی ئەم ڕێککەوتنە دەتوانێ دوو قازانجی گرنگی بۆ کاسبکاران و بەرهەمهێنەرانی ئێرانی هەبێت. یەکەم: بە سەقامگیری لە یاساکاندا، پلانی باشتر دەکرێت و دووەم: بە کەمکردنەوەی باجی گومرگی، توانای کێبڕکێی بەرهەمە ئێرانییەکان لە بازاڕی عێراقدا زیاد دەکات.