🔻رێناس ساڵح
ئەندامێکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، لە 1073 کارگە کە لە سلێمانی کاریان دەکرد، ئێستا تەنیا 200 کارگەیان لە کارکردن بەردەوامن.
ئارام بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانیی سلێمانی، میوانی بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و گوتی، “2024 ساڵێکی زۆر خراپ بوو بۆ پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان. لە پێنج ساڵی رابردوودا کارگەکان بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕین. داخستنی 873 کارگە لە 5 ساڵی رابردوودا لە سنووری سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین زیاتر لە 100 هەزار کەسی بێکارکردووە.”
لەبارەی هۆکاری داخستنی کارگەکان، ئارام بابان ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد و گوتی، گرانکردنی نرخی کارەبا بە چەند قۆناخێک کە نرخی یەک کیلۆوات کارەبا لە 20 دینارەوە بۆ 144 دینار بەرزکرایەوە، رێگرینەکردن لە هاوردەکردنی ئەو کاڵایانەی کارگەکانی نێوخۆ بەرهەمی دەهێنن، بوونی رۆتینی زۆر لە فەرمانگەکانی حکومەت هۆکاری داخستنی کارگەکانن.
رێگریی بازگەکانی عێراق لە ناردنی بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی عێراق هۆکارێکی دیکەی داخستنی کارگەکان و کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانیان بووە.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، “ئەو کارگانەش کار دەکەن ئاستی بەرهەمهێنانیان کەمکردووەتەوە، چونکە کارگەکان لەسەر بنەمای بازاڕی عێراق کاڵا بەرهەمدەهێنن.”
بەپێی بڕیارێکی حکومەتی عێراق، پێویستە کارگەکانی هەرێمی کوردستان موڵەتی کارکردن لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق وەربگرن و ئەو کارگانەی مۆڵەتی عێراقییان نەبێت، رێگە بە هەناردەی بەرهەمەکانیان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق نادرێت.
گواستنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکانی کوردستان لە بازگەکان کێشەی نابێت
گوتەبێژی ژووری بازرگانیی بەغدا جەخت لەوە دەکاتەوە، گواستنەوەی بەرهەم و بەروبوومە خۆماڵییەکانی کوردستان بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق کێشەی نییە، بەڵام بەرهەمە هاوردەکراوەکانی وڵاتە دراوسێکان لە بازگەکان رێگرییان لێ دەکرێت.
رەشید سەعدی، گوتەبێژی ژووری بازرگانیی بەغدا، تیشکی خستە سەر دۆخی کارگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوئاهەنگیی هەولێر و بەغدا، پەیوەندیی نێوان ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و چەندین بابەتی پەیوەندیدار.
رەشید سەعدی، لەبارەی دۆخی کارگەکان بە رووداوی راگەیاند، دۆخی کارگەکان لە بەغدا بە کەرتە جیاوازەکانەوە بەندە. بەشێکیان پەکیان کەوتووە و کار ناکەن. بەشێکیان بەپێچەوانەوە پەرەی زیاتریان پێدراوە و پێشکەوتوون. کارگەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک، رستن و چنین و بابەتە کیمیاییەکان لەگەشەسەندندان بەپێچەوانەشەوە کارگەکانی میکانیکی بەهۆی کێبڕکێی زۆرەوە، لە دۆخێکی باش دا نین.
لەبارەی هاوئاهەنگی لەنێوان ژووری بازرگانیی بەغدا و ژوورەکانی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند هاوئاهەنگیان لەبارەی توێژینەوە، پڕۆژەی هاوبەش، هێزی کار و ئاڵوگۆڕی کەرەستە و کاڵاکان هەیە.
رەشید سەعدی هەروەها دەڵێ “زۆربەی کەرەستە و کاڵاکانمان لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن. زۆربەی کارگەکانی کوردستان لە بەغدا تۆمار کراون. یەکێتیی پیشەسازانی عێراق بەردەوام سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی کارگەکانی هەرێمی کوردستانە.”
گوتەبێژی ژووری بازرگانیی بەغدا جەخت دەکاتەوە لەوەی چەندین جار سەردانی ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانییان کردووە کردووە. تەنانەت لە سەردانەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات، پێکەوە کاری هاوبەشیان هەبووە و دەڵی “ژووری بازرگانیی بەغدا پەیوەندییەکی نایابی لەگەڵ سەرجەم ژوورە بازرگانییەکانی کوردستان دا هەیە.”
سەبارەت بە کێشەی گواستنەوەی کاڵاکان بەهۆی بازگەکانی عێراق، گوتەبێژی ژووری بازرگانیی بەغدا رایگەیاند، لە دوایین سەردانیاندا بۆ دهۆک، کێشەی گواستنەوەی کاڵا و کەرەستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق بەهۆی بازگەکانەوە خرایەڕوو، گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
رەشید سەعدی دەڵێ “ئێمەش ئەم بابەتەمان خستە بەردەم بەرپرسان لە بەغدا. ئەو کارگە و کۆمپانیایانەی مۆڵەتی فەرمییان هەیە، لە گواستنەوەی کاڵاکانیان هیچ کێشەیان نییە، بەڵام هەندێک کاڵا هەن، کە رێگەیان پێنادرێت بگوازرێنەوە و هەندێک کۆمپانیاش هەن مۆڵەتی فەرمیان نییە، بۆیە رێگەیان پێنادرێت کاڵاکانیان بگوازنەوە یان کێشەی زۆری تێدەکەوێت. بۆ نموونە شەربەت و ئاوی میوەی هاوردەکراوی وڵاتە دراوسێیەکان ئەم بابەتانە بەهەموو شێوەیەک قەدەخەیە. بەڵام ئەگەر بەرهەمی کارگەکانی کوردستان بێت، هیچ کێشەی نابێت. چونکە کاریگەری بەسەر بەرهەمی نێوخۆییەوە دەبێت.”
سهرچاوه: رووداو