بازاڕی کوردستان: بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی تەمەرچین لە پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە 9 مانگدا بایی زیاتر لە 570 ملیۆن دۆلار کاڵا و پێداویستی هەناردە کراوە و هاوردەکردنی کاڵاش گەیشتووەتە بایی زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلار.
عەلی ئەکبەر ئەشرەفی، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی تەمەرچین لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە حاجی ئۆمەرانە لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئاماری هەناردە و هاوردەی کاڵا و پێداویستیی لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە بڵاوکردەوە.
عەلی ئەکبەر ئەشرەفی رایگەیاند، لە 9 مانگدا زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار تۆن کاڵا و پێداویستی کە بایی زیاتر لە 570 ملیۆن دۆلار بووە لە رێگەی دەروازە سنووریی تەمەرچین-حاجی ئۆمەرانەوە هەناردە کراوە.
بەگوتەی عەلی ئەکبەر ئەشرەفی، کەرەستەی بیناسازی، سیرامیک و کاشی، ئاسن، پۆڵا، میوە و سەوزە لەو کاڵا و شتوومەکە سەرەکییانە بوون، کە لەو دەروازەیەوە هەناردەی باشووری کوردستان و عێراق کراون.
بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری تەمەرچین گوتیشی، هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە 15 هەزار و 500 تۆن کاڵا و پێداویستی کە بایی 50 ملیۆن دۆلار بووە لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هاوردە کراوە.
ئەو داتایانە جگە لەو سێ هەزار و 500 تۆن کاڵا و پێداویستییەن، کە بەگوتەی عەلی ئەکبەر بە بەهای 12 ملیۆن دۆلار بووە و لە رێگەی کۆڵبەرییەوە هاوردەکراون.
بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری تەمەرچین ئاماری هاتۆچووی هاونیشتمانی و هاووڵاتیانیشی لە دەروازە سنوورییەکەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 9 مانگی رابردوودا بە شێوەی تێکڕا، رۆژانە سێ هەزار و 400 هاووڵاتی لەو دەروازە سنوورییەوە هاتۆچوویان کردووە کە بەراورد بە پار 30٪ زیادیکردووە.
عەلی ئەکبەر ئەشرەفی روونیکردەوە، ئەم ساڵ داهاتی گومرگی تەمەرچین بەراورد بە پار 46٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 490 ملیار تمەن.
لە پارێزگای ورمێی، پێنج دەروازەی سنووریی فەرمی هەن کە سێیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجیڤانی سەر بە ئازەربایجانە و دەروازەی تەمەرچین-حاجی ئۆمەرانیش لەگەڵ هەرێمی کوردستانە.