🔻 بازاڕی کوردستان:
لە پارێزگای دهۆک لە پێنج ساڵی رابردوو زیاتر لە 30پڕۆژەی گەشتیاری دروستکراون و 13هەزار هەلیکاریش بۆ گەنجان و هاووڵاتییانی پارێزگایەکە ڕەخساوە.
ئیحسان محەممەد، سەرۆکی لقی کۆمەڵەی هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک بە کوردستان24ـی گوت: لێژنەکانی دەستەی گەشتوگوزار بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەکەمان بەردەوام بەدواداچوون بۆ تەواوی یەکە گەشتیارییەکان و شوێنی حەوانەوەیان دەکەن، پێشبینی دەکەین ئەمساڵ لە وەرزی هاویندا ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی پارێزگای دهۆک بکەن و ئەمەش دەرفەتێکی باش دەرەخسێنیت بۆ دروستکردنی جووڵەیەکی باشی ئابووری بەهۆی گەشتیارانەوە.
خاوەنی کۆمەڵگا گەشتیارییەکانی دهۆک بە کوردستان24یان گوت: بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە شوێنی حەوانەی گەشتیاران پڕبوون و تەواوی ئامادەکارییەکانمان کردووە بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیار و سەردانیکەران بکەین و زۆرترین ڕێژەیی گەشتیاران لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقن.
لە پێنج ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 30 پڕۆژەی گەشتیاری لە سنووری پاریزگای دهۆک دروستکراون.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، لە 90٪ هۆتێل و مۆتێل و پڕۆژە گەشتیارییەکان پڕبوون لە گەشتیاران و مانگانە نزیکەی حەوت شوێنی نوێی تایبەت بە گەشتیاران دەکرێنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی 13هەزار هەلیکار بۆ گەنجان و هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە.
لە پارێزگای دهۆک 160 هۆتێل و مۆتێل و شوێنی حەوانەوەی گەشتیاری هەن و ساڵانە زیاتر لە 20شوێنی حەوانەی تایبەت بە گەشتیاران لەو پارێزگایە دروستدەکرێن.
ساڵانە لە وەرزی هاویندا بەتایبەت لە رۆژانی پشووەكاندا، رێژەیەكی زۆر گەشتیاری ناوەڕاست و خوارووی عێراق، روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و چێژ لە سروشتی ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان دەبینن.
🔻شوێنەوارە ئایینییەکانی دهۆک
کڵێسای مارت ئیث ئالاها
کڵێسایەکی کلدانییە و تایبەتە بە پەیڕەوکارانی ئایینی مەسیحی ناوچەکە، کڵێساکە دەکەوێتە نزیک ڕێگای سەرەکی دهۆک و زاخۆ، تەلارێکی گەورەیە، دیزاین و شێوازی تەلارسازییەکەی کلاسیکییە و لەسەر دیزاینی بابلی کۆن بنیاتنراوە، کۆتایی بنمیچەکەی بە گومەزێک کۆتایی هاتووە کە خاچێکی مەزنی لەسەرە و بەشی ناوەوەی کڵێساکە بە چەندان وێنە و نەخشی جۆراوجۆر نەخشێنراوە.
🔻سەیرانگا و هاوینەهەوارەکانی دەوروبەری دهۆک
هاوینەهەواری ئاشاوا
سەیرانگای ئاشاوا بە دووریی ٤٤٫٦ کیلۆمەتر لە ناوەندی دهۆکەوە دوورە و بە ٥ کیلۆمەتر لە ناحیەی سەرسەنگ دوورە و لە باکوورەوە دەکەوێتە سەر چیای گارە. لە سەدەکانی ڕابردوو ناوچەکە لەنێو عێراقییەکان بە دەریاچەی ساجیدە ناسراو بوو، بەڵام بە زمانی کوردی هەر بە تاڤگەی ئاشاوا ناسراوە کە وشەکە لە ئاشی ئاوا وەرگیراوە و واتای دەستاڕی ئاو دەبەخشێت. سەیرانگای ئاشاوا شوێنێکی دڵگیرە و بە باخ و دار و بێستانی هەمەجۆر ناسراوە بە تایبەتی بە دار چنار ناودارە. کەشوهەوای شوێنەکە لە هاویناندا زۆر فێنکە و گەرمییەکی مامناوەندی هەیە، هەروەها چەندان تاڤگەی هەیە بۆیە شوێنێکی پەسەندە لای گەشتیاران.
ئامێدی
قەڵای ئامێدی یان قەڵای عەمادییە کە قەزای ئامێدییە لە دهۆک و لەسەر بەرزی ١٤٠٠ مەتر لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە لەسەر تاشە بەردێکی بەرز دروستکراوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا، چەندان شوێنەواری دێرین و کۆنی لەخۆگرتووە نموونەی مزگەوتی گەورەی ئامێدی، قوتابخانەی قوبەهان، شوێنەواری دەروازەکانی ئامێدی. کەشوهەوایەکی دڵگیری هەیە و شوێنی جوگرافییەکەی زۆر لەبارە بۆ گەشت و سەیران.
سەرسەنگ
سەرسەنگ ناحیەیەکی سەر بە پارێزگای دهۆکە و بە دووریی ٥٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای دهۆکەوە دوورە و دەکەوێتە بەشی خوارەوەی چیای گارە. هاوینەهەواری سەرسەنگ بە یەکێک لە گەورەترین هاوینەهەوارەکانی عێراق دادەنرێت کە بەرزی لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە نزیکەی ١٠٤٦ مەترە. ناوچەکە دارستان و بێستانی زۆری هەیە و کەشێکی لەبار و گونجاوی هەیە کە ساڵانە لە وەرزی هاویندا بەرزترین پلەی گەرمی ناوچەکە دەگاتە ٣٤ پلە سەدی.
هاوینەهەواری زاوێتە
هاوینەهەواری زاوێتە بە دووریی ١٦ کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای دهۆکەوە دوورە و بە بەرزی ٨٨٥ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. هاوینەهەواری زاوێتە دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی نێوان هاوینەهەواری سەرسەنگ و سوارەتووکە، ناوچەکە بە داری سنەوبەر ناودارە و کەشوهەوای ناوچەکە فێنک و دڵگیرە، شوێنی پشوودان و خواردنگە و خزمەتگوزاری هەمەجۆری بۆ دابین کراوە.
هاوینەهەواری سۆلاڤ
هاوینەهەواری سۆلاڤ بە دووریی ٩٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای دهۆکەوە دوورە و نزیکە لە ئامێدییەوە. بەرزی ناوچەکە لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە نزیکەی ١١٥٠ مەترە، ناوەکەی بە شێوەزاری بادینی (سیلاڤە) کە بە واتای (سیل ـ ئاڤ) دێت واتا هەڵقوڵانی ئاو، سەرچاوەی ئاوەکەی بەرزییەکەی لە نێوان یەک بۆ دوو مەترە و دەڕژێتە شوێنەکە و ناوچەکە بووەتە شوێنێکی گەشتیاری، بۆیە چەندان شوێنی پشوودان و خواردنگەی تایبەت بە گەشتیارانی تێدا دابین کراوە.
هاوینەهەواری سوارەتووکە
هاوینەهەواری سوارەتووکە نزیک هاوینەهەواری سەرسەنگە و دەکەوێتە دۆڵێکی قووڵ و چەند شاخێکی بەرز دەوریان داوە. ناوچەکە بە دار و بەری هەمەجۆر ناسراوە نموونەی دار گڵامێۆ، هەروەها داری میوەی هەمەجۆریش لەخۆدەگرێت.
