85 کۆمپانیای ئەڵمانی لقیان لە هەرێمی کودستان هەیە

بازاڕی کوردستان: نزیکەی 85 کۆمپانیای ئەڵمانی لقیان لە هەرێمی کودستان هەیە بە هاوبەشی کۆمپانیا نێوخۆییەکان کار دەکەن. ئەندامێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێریش دەڵێت، “قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا ساڵی رابردوو سێ ملیار دۆلار بووە.”

شیرین یەحیا خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، لەبارەی داتاکانی بازرگانی و ئابووریی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا گوتی، داتای وردیان لەبارەی قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا نییە، بەڵام قەبارەی بازرگانیی نێوان عێراق و ئەڵمانیا ساڵی رابردوو سێ ملیار دۆلار بووە، کە بەشێک لەو داتایە بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت.

ئەڵمانیا یەکێک لە هاوبەشە گرنگەکانی بازرگانیی هەرێمی کوردستانە، ئەو کاڵایانەی بە زۆری لە ئەڵمانیاوە هاوردە دەکرێن، کەرەستەی تەکنەلۆجی، کارەبایی، کەرەستەی پزیشکی، دەرمان و ئۆتۆمبێلن.

شیرین یەحیا، ئاماژەی بەوە کرد، دوو کۆمپانیای بەنێوبانگی ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی لە هەرێمی کوردستان نووسینگەیان هەیە، ئەوانیش کۆمپانیاکانی BMW و Mercedesن، جگە لەوەش کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لە کەرەستەکانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن و رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە کەرتی بیناسازی.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لەبارەی کاریگەریی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا لەسەر سیاسەتی ئابووریی ئەو وڵاتە لەگەڵ هەرێمی کوردستان گوتی، “کاریگەریی دەبێت، بەڵام هیوادارین کاریگەرییەکە نەرێنی نەبێت.”

بەگوێرەی نووسینگەی ئاماری ئەڵمانیا، لە دوو ساڵی رابردوودا تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ئەڵمانیا 0.5% کەمیکردووە، ئەمەش یەکەمجارە لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا ئەو ئاستە لە دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.

نوێترین هەواڵ

هەواڵی پەیوەندیدار