یەکەم بارهەڵگر لە سنووریی سووریا چووە نێو عێراق:

🔻بازاڕی کوردستان:

ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاران لە دەروازەی سنووریی قائیم دەستی پێکردەوە و یەکەم بارهەڵگر لە سووریاوە چووە نێو عێراق.

تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم، 14ـی حوزەیرانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ دەروازەی سنووریی قائیم لەگەڵ سووریا بۆ گەشتیاران، بازرگانی و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان کرایەوە.

تورکی مەحلاوی گوتی، یەکەم بارهەڵگری سووریا دوای پشکنین و رێکارە پێویستەکان هاتە نێو عێراق.

قایمقامی قەزای قائیم گوتیشی، دەروازەکە یەکێکە لە “دەروازە گرنگەکان”ـی عێراق، هەربۆیەش کردنەوەی کاریگەریی گرنگی لەسەر جووڵە بازرگانی و ئابوورییەکانی عێراق بەگشتی و پارێزگای ئەنبار بەتایبەتی دەبێت و دەرفەتی کاریش دەڕەخسێنێت.

دەروازەی قائیم، دەروازەی سەرەکیی نێوان عێراق و سووریایە، دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و لە دیوی سووریاشەوە دەکەوێتە سنووری شاری بوکەمال لە دێرەزوور.

عەلادین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، 14ـی حوزەیرانی 2025 لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی، دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی گەشتیاران ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە دەکات کە لەنێوان هەردوو وڵاتدا گەشت دەکەن.

عەلادین قەیسی گوتی، کردنەوەی دەروازەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پتەوکردنی هاوکاریی ئابووریی نێوان عێراق و سووریا، هەروەها زیادکردنی داهاتی حکومەت و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ و هاووڵاتییان.

لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، واتە لە رۆژی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە، دەروازەی قائیم داخراوبوو، دواتر رێگەکە تەنیا بۆ هاتووچۆی تایبەت و مرۆیی کرایەوە.

بە کۆتایی هاتنی چالاکیەکانی داعش  لە عێراق و سوریا و گەڕانەوەی ئاسایش بۆ سنورەکانی دوو وڵات ، کاربەدەستانی عێراق وسوریا خەریکی پرس و راوێژن بۆ رەخساندنی دەرفەتی هاتوچۆی زیارەتکاران و مسافیران و ئاڵووێری تیجاری.

عێراق و سوریا 605 کیلومەتر سنووری هاوبەشیان هەیە بە سێ دەروازەی سنووریی رابیعا ، قائیم و وەلید.

تیرۆری بە وەکالەت، جگە لە قەیرانی سیاسی، لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا کاریگەریی لەسەر بازرگانی نێوان هەردوو وڵات هەبووە. ئێستا پێناچێت بازرگانانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تاقمی دەسەڵاتداری سوریا زیندوو بکەنەوە، هەرچەندە عەقڵیەتی سیاسی هەندێک گروپ و لایەن ڕەنگە پاساو بۆ ئەم پرۆسەیە بهێنێت و بە فەرمی بکات.

نوێترین هەواڵ

هەواڵی پەیوەندیدار