بازاڕی کوردستان: بەرپرسانی حكوومەت و سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا، گفتوگۆیان لەبارەی بەهێزتركردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش چەند ڕێککەوتنێکیان ئیمزا کردووە.
ئیتاڵیا بە بایەخی زۆرەوە باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكوومەت دەكات، جیلبێرتۆ پیکێتۆ فراتینو، وەزیری ژینگە و ئاسایشی خۆراكی ئیتالیا بە کوردستان24ـی گوت: ئەم دەستپێشخەرییانە بۆ پێشکەوتنی هەردوولا زۆر گرنگن.
هەروها ڕێککەوتنێک لەنێوان کۆمپانیای Visit Kurdistan و کۆمپانیای Lietnerی ئیتالی ئیمزا کرا بۆ ئاوەدانکردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان. پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێککەوتنە نزیکەی 500 هەلی کار لە هەرێمی کوردستان بڕەخسێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە کۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان – ئیتاڵیا، ئاماژەی بەوە دا: پەیوەندییەکی مێژوویمان لەگەڵ ئیتاڵیا هەیە.
هەروەها ڕایگەیاند: ئیتاڵیا لە شەڕی دژی داعش هاوکاری پێشمەرگەی کرد، سوپاسیان دەکەین پەیوەندییەکانی نێوانمان هەمیشە تۆکمە بووە.
لەبارەی وەبەرهێنانەوە، دزەیی دەڵێت: هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی ژینگەیەکی گونجاوی هەیە، هەروەها داوا لە کۆمپانیاکانی وڵاتان دەکەین بێنە هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەش کرد “دەمانەوێت هاوکاری و هەماهەنگیییەکانمان لەگەڵ ئیتاڵیا زیاتر بکەین.”
گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشت و هاوکارە لە پرۆسەی وەبەرهێناندا، هەروەها هەرێمەکە یارمەتیدەری هەر کۆمپانیایەکی بیانی دەبێت ئەگەر نیازی وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان هەبێت.”
لای خۆیەوە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی سەرچاوەکانی ئاو، لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە ڕایگەیاند “هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگە لە وەبەرهێنان لەبواری کشتوکاڵیدا و سەبەتەی خۆراکە بۆ هەموو عێراق، هەر ئەوەش نا، بەڵکو بەگوێرەی گرنگیی جوگرافییەکەی بووەتە سەرچاوەی دابینکردنی سامانی ئاو بۆ هەموو عێراق.”
هەروەها لە نێوان هەردوولادا جەخت لەسەر چۆنیەتيی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتیيە، بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی تواناکانی جوتیاران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کردنەوەی پرۆژەی ڕاهێنان و خولی تایبەت لە سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان و پێدانی پاڵپشتيی دارایی و تەکنیکی و هەماهەنگی و کاراسانی بۆ وەبەرهێنەران و خاوەن کۆمپانیاکانی ئیتاڵيايى، بۆ ئەوەی بتوانن لە هەرێمی کوردستان سەرمایەگوزاريی خۆیان بكهن.
