وەرزی چنینی زەعفەران له کرماشان

 

🔻بازاڕی کوردستان:

وەرزی چنینی زەعفەران لە پارێزگای کرماشان دەستیپێکرد و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە پێشبینی دەکات، بەرهەمی ئەم ساڵیان بگاتە زیاتر لە 5 تۆن.

سەعید کەریمی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، ئەم ساڵ لە رووبەری 810 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە زەعفەران چێندراوە.

بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان، لەو پارێزگایە لە هەر هێکتارێکدا 6.1 کیلۆگرام زەعفەران بەرهەم دێت.

سەعید کەریمی گوتی، جگە لە قەسری شیرین، لە هەموو ناوچەکانی دیکەی پارێزگای کرماشان زەعفەران دەچێندرێت و زۆرترین بڕی زەعفەرانی پارێزگاکە لە شارەکانی کرماشان، داڵاهۆ و سونقور بەرهەم دێت.

ئەم ساڵ نرخی یەک کیلۆگرام زەعفەران لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەپێی جۆر و کوالیتییەکەی لە نێوان 80 ملیۆن تمەن، تاوەکو 125 ملیۆن تمەنە.

ئێران گەورەترین بەرهەمهێنەری زەعفەرانە لە جیهان و 90٪ی زەعفەرانی جیهان لەو وڵاتە بەرهەم دێت. ساڵانە لە نێوان 250 تاوەکو 450 تۆن زەعفەران لە ئێران بەرهەم دێت، کە بەشێکی زۆری هەناردە دەکرێت.

بەپێی ئاماری فەرمیی گومرگی ئێران، لە شەش مانگی رابردوودا ئێران زیاتر لە 99 تۆن زەعفەران بە بەهای 94 ملیۆن دۆلار هەناردە کردووە. زیاترین هەناردەشی بۆ ئیمارات، ئەفغانستان، ئیسپانیا، چین، قەتەر، عومان و ئەڵمانیا بووە.

 

نوێترین هەواڵ

هەواڵی پەیوەندیدار