🔻بازار کردستان:
یەکەمین پێشانگای تواناکانی هەناردەکردن لە کرماشان دەستیپێکرد و 35 کۆمپانیای گەورەی پارێزگاکە تێیدا بەشدارن.
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لە کرماشانەوە گوتی، “ئەمە یەکەمین پێشانگەیە بەشداری تێدا دەکەین. کرماشان رۆڵێکی کاریگەری هەیە و کاڵاکانیشی بە ماوەیەکی کەم دەگەیێندرێنە هەرێمی کوردستان.”
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی، کرماشان لە بواری خۆراکدا زۆر پێشکەوتووە و زۆربەی کاڵاکانیان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا دەبینرێن، بەڵام ئەوان بەنیازن کاڵای زیاتر هەناردەی هەرێمی کوردستان بکەن.
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، “بۆ ئەوەی کاریان لەگەڵ بکەین، هەندێ تێبینیمان پێدان. داوامان کردووە کواڵیتی کاڵاکانیان بەرزبکەنەوە؛ هاوکات داوامان لێکردن هاوشێوەی کارگەکان لە کرماشان، بێن لە هەرێمی کوردستانیش کارگەکە دابمەزرێنن، چونکە لەمەودوا پێویستمان بەوەیە کارگەمان هەبێت و بەرهەمهێنەر بین.”
لە وەڵامی داواکارییەکەی سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە کارگەکان بە ناوی مانیزان گوتوویەتی، خەریکن لە کەلار کارگەیەک دەکەنەوە و رایگەیاندووە، “رێکارە کارگێڕییەکان جێبەجێ دەکەین.”
سەبارەت بە بەرهەمەکانی کرماشان، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی، “شیری تەڕیان زۆرە و شیری وشک لە بەرهەمەکانیاندا بەکارناهێنن. لە نێوخۆی ئێرانیش لە بەرهەمی شیرەمەنیدا پشت بە کرماشان دەبەسترێ. هاوکات لە بواری کشتوکاڵدا کرماشان هەوڵی داوە لە تەواوی ئێران یەکەم بێت.”
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی، “ساڵانە مامەڵەی بازرگانیمان زیاتر لە شەش ملیار دۆلارە. یەکەم کاڵاشمان خۆراکە و نرخەکەیشی گونجاوە. ئێران لە دوای تورکیا دووەم وڵاتە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ دەکەین.”
کرماشان، پەڕینەوەیەکی کاڵا
پارێزگای کرماشان وەک یەکێک لە گرنگترین پارێزگا سنوورییەکانی ئێران، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە بازرگانیی وڵات لەگەڵ عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای تایبەتی ئەم پارێزگایە بە دەروازەی ڕۆژئاوای ئێران دادەنرێت و بەهۆی سنوورە هاوبەشەکانی لەگەڵ پارێزگاکانی سلێمانی و دیالەی عێراقدا، توانایەکی بەرزی هەیە بۆ پەرەپێدانی بازرگانی دەرەکی. بایەخی بازرگانی کرماشان نەک هەر لەسەر ئاستی نیشتمانی بەڵکو لەسەر ئاستی هەرێمیش بەرچاوە، چونکە ئەم پارێزگایە بە پردی نێوان بازاڕەکانی ئێران و بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
لە لایەکی دیکەوە سەقامگیری ڕێژەیی لە هەرێمی کوردستان و گەشەی ئابووری ئەم هەرێمە بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر کاڵای ئێرانی. کرماشان بەهۆی نزیکیی جوگرافی و ئاسانی گەیشتن بە بازاڕەکانی هەولێر، سلێمانی، و هەڵەبجە، دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە دابینکردنی پێداویستی بەکاربەر و پیشەسازیی ئەو ناوچانەدا بگێڕێت. هەر بەو هۆیەشەوە زۆرێک لە بازرگانان و کۆمپانیاکانی ئێران بۆ سودمەندبوون لە سوودە سنوورییەکانی ئەم پارێزگایە، نووسینگەی بازرگانی خۆیان لە کرماشان دامەزراندووە.
پێشانگای تواناکانی هەناردەکردن سێشەممە (١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤) لە ناوەندی پێشانگای هەمیشەیی نێودەوڵەتی لە کرماشان بە گرنگیدان بە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق کرایەوە.