🔻 بازار کردستان:
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت، ماوەی مانەوەی کاڵا لە هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی بگاتە عێراق، لە 72 کاژێرەوە کرایە یەک هەفتە.
سێشەممە، 6ی ئایار، د. عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند: “لە کۆبوونەوەی نێوان تیمی تەکنیکیی دەروازە سنوورییەکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا لەسەر چوار خاڵ رێککەوتن کرا، کە لە رێگەیەوە دەرگە بۆ هەناردەکردنی کاڵاکان دەکاتەوە.”
ئەو خاڵانەی لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتنیان لەسەر کراوە ئەمانەن:
یەکەم: ماوەی دیاریکراو بۆ ناردنی کاڵا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بازگەکانی حکومەتی فیدراڵی لە 72 کاژێرەوە کرایە یەک هەفتە.
دووەم: ماوەی دیاریکراوی مانەوەی کاڵاکان لە کۆگەکانی هەرێمی کوردستان لە 60 رۆژەوە کرایە 120 رۆژ.
سێیەم: هەموو ئەو کاڵایەنەی 15ـی نیسانەوە لە کۆگەکانی هەرێمی کوردستانن، دەتوانرێت بنێردرێنە پارێزگاکانی عێراق.
چوارەم: هەر بارهەڵگرێک راستەوخۆ بچێتە پارێزگاکانی عێراق، پێویستە سێلی گومرگیان لێبدرێت.
لە 11ـی ئادارى 2025ـیشەوە، بانکى ناوەندى بە نووسراوى فەرمى پشتبەستن بە کۆدى (QR)ـى لە دەروازە سنوورییەکان بە هەرێمى کوردستانیشەوە راگەیاندووە. ئەو کۆدە مەرجە بۆ تێپەڕبوونى کاڵا لە بازگەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و نابێت 72 کاژێر بەسەر هاتنەژوورەوەی تێپەڕبێت.
سێل، مۆرێکە کە لەو بارانە دەدرێت لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە لەگەڵ تورکیا و کۆمارى ئیسلامیی ئێران هاوردەدەکرێن و نابێت بکرێنەوە تاوەکو دەگەنە ئەودیو بازگەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى.
سیستەمی ئەسیکۆدا رادەستى عێراق دەکرێت
نوێنەرى ئەسیکۆدا لە عێراق راگەیاند، مانگى تەممووزى 2026 سیستمەکەیان بە تەواوى رادەستى حکومەتى عێراق دەکەن و لە ناوەڕاستى 2028دا کۆتا قۆناخى جێبەجێ دەکرێت. دەشڵێت: “تاوەکو ئێستا حکومەتى هەرێمى کوردستان داوایان لێنەکردووین سیستمى ئەسیکۆدایان بۆ دابنێین”.
نزار عەمارى، نوێنەرى ئەسیکۆدا لە عێراق راگەیاند، لە حوزەیرانى 2026 بەتەواوى سیستمى ئەسیکۆدا لە عێراق رادەستى لەلایەنە پەیوەندارەکان دەکەن.
نزار عەمارى گوتى: “ئێستا سەرقاڵی جێبەجێکردنى قۆناخى دووەمین و 45٪ى تەواو بووە، کە پەیوەندیدارە بە دروستکردنى پەیوەندى و بەستنەوەى گومرگە بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە عێراق.”
ئەسیکۆدا شێوازێکى نێودەوڵەتى بەڕێوەبردنى گومرگە کە بازرگانى دەرەکى تێدا رێکخراوە و زانیارى لەسەر بارى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریى رێوشوێنەکانى گواستنەوەى کاڵا.
نوێنەرى ئەسیکۆدا لە عێراق گوتی: “قۆناخى کۆتایی لە 2028 تەواو دەبێت، کە پەیوەندیی بە بازرگانى دەرەکییەوە هەیە”.
بەغدا و هەولێر رێکنەکەوتوون ئەو سیستمە هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە، کە 17 دەروازەى سنووری وشکانى و دەریایی و یەکەى گومرگى فڕۆکەخانەکان دەگرێتەوە.
نزار عەمارى گوتى: “تائێستا هەرێمى کوردستان داواى لێنەکردووین سیستمى ئەسیکۆدایان بۆ دابنرێت، ئەو سیستمەى لە هەرێمى کوردستان کارى پێدەکرێت لە نەوەى سێیەمە لەکاتێکدا ئەوەى عێراق لە نەوەى پێنجەمە”.
108 وڵاتى و ناوچەی جیهان کار بە سیستمى رێوشوێنى بازرگانى ئەسیکۆدا دەکەن، کە زۆرینەیان لە کیشوەرى ئەفریقا و ئەمریکاى باشوورن، بەڵام تائێستا لە نێوان بەغدا و هەولێر رێککەوتنى کۆتایی نەکراوە بۆ ئەوەى ئەو سیستمە لە دەروازەکانى هەرێمى کوردستان کاری پێ بکرێت.
سهرچاوه: رووداو