بازاڕی کوردستان: نوێنەرى ئەسیکۆدا لە عێراق راگەیاند، هەر 21 دەروازە سنوورییەکەى عێراق بەئەلیکترۆنى دەکرێت. دەشڵێت، هەرێمى کوردستان دەتوانێت پڕۆژەى تایبەت بەخۆى هەبێت بۆ ئەوەى بەو سیستمەوە ببەسترێتەوە.
نزار عەمارى، نوێنەرى ئەسیکۆدا گوتى:”ئەو سیستمە لە کۆى 21 دەروازەى عێراق لە 18یان جێبەجێکراوە، تاوەکو 15ى ئەم مانگە لە سەرجەم دەروازەکان جێبەجێ دەکرێت. جێبەجێکردنى سیستمى ئەسیکۆدا لە هەندێک دەروازەى سنوورى قورسە لەوانە دەروازەى سنوورى عێراق لەگەڵ سووریا، دوو دەروازەکەى دیکە کە ماون ئاوی و وشکانین.”
ئەسکۆدا شێوازێکى نێودەوڵەتى بەڕێوەبردنى گومرگە کە بازرگانى دەرەکى تێدا رێکخراوە و زانیارى لەسەر بارى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریى رێوشوێنەکانى گواستنەوەى کاڵا.
نوێنەرى ئەسیکۆدا لە عێراق گوتى: “سیستمەکەى ئێمە بە ئەلیکترۆنیکردنى گومرگە نەک دەروازە سنوورییەکان و تایبەتە بە هاوردە و هەناردە و تێپەڕبوون (ترانزێت) و کار لەسەر رێوشوێنە گومرگییەکان دەکات، لەگەڵ بەستنەوەى بە هەندێک لە فەرمانگەکانى دەوڵەت کە پەیوەندارن بە گومرگەوە”.
عێراق 17 دەروازەى سنووری وشکانى و دەریایی هەیە لەگەڵ یەکەى گومرگى لە هەر چوار فڕۆکەخانەى بەغدا، بەسرە، کەرکووک و نەجەف.
بەگوتەى نزار عەمارى قۆناخى یەکەمى رێوشوێنە گومرگییەکانیان لە چوارچێوەى سیستمى ئەسیکۆدا لە عێراق جێبەجێکردووە و 80%ی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بەئەلیکترۆنى کراون ، فۆناخى دووەمیش بەئەلیکترۆنیکردنى دەروازە سنوورییەکانە کە بەم نزیکانە کۆتایی دێت لەگەڵ هەندێک رێکارى دیکەى پەیوەندار بە باشکردنى چاودێرى و زیادکردنى داهات.
قۆناخى سییەم و کۆتایی جێبەجێکردنى سیستمى ئەسیکۆدا لە عێراق یەکخستنى بازرگانى دەرەکییە، کە سەرجەم فەرمانگەکان و هەندێک لە بانکەکان بەشدار دەبن، نزار عەمارى گوتى: “لە قۆناخى سێیەم دەگەینە ئەوەى هەموو بازرگانى دەرەکى بە ئەلیکترۆنى بکرێت بەبێ ئەوەى کاخەز بەکاربهێندرێت”.
ئەسیکۆدا سەر بە رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکانە و کار لەسەر پێدانى راوێژ دەکات بە وڵاتانى ئەندامى لە پرسی بەئەلیکترۆنیکردنى گومرگ و مامەڵەى بازرگانى.
نزار عەمارى راگەیاند، بە جێبەجێکردنى ئەو سیستمە، عێراق دەبێتە خاوەنى ئامارى باوەڕپێکراو بۆ پلانى ئابوورى و داهاتیش زیاتر دەکات و دادوەرى بازرگانى دەهێنێتەدى کە بۆ هەموو بازرگانان سیستمەکە وەک یەکە و دەرفەتى “فێڵکردن” لە زانیارییەکان کەمتر دەکاتەوە.
108 وڵاتى و ناوچەی جیهان کار بە سیستمى رێوشوێنى بازرگانى ئەسیکودا دەکەن، کە زۆرینەیان لە کیشوەرى ئەفریقا و ئەمریکاى باشوورن، بەڵام تاوەکو ئێستا لە نێوان بەغدا و هەولێر رێککەوتنى کۆتایی نەکراوە بۆ ئەوەى ئەو سیستمە لە دەروازەکانى هەرێمى کوردستان بگرێتەوە.
نوێنەرى ئەسیکۆدا لە عێراق گوتى: “ئێستا قسە لەسەر چەند پرسێک دەکرێت کە دەگوترێت هەردوولا لەسەرى رێککەوتوون، لەوانە سیستمى هاوئاهەنگیکار لەنێوانیان” .
بەگوتەى نزار عەمارى بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سیستمى ئەسیکۆدا لە هەرێمى کوردستان سێ ئەگەر هەیە، یان دەبێت لەسەر سیستمەکەى ئێستاى خۆى بمێنێتەوە یان بچێتە ژێر رکێفى سیستمەکەى عێراق، یان پڕۆژەى تایبەتى خۆى هەبێت بۆ ئەوەى ئەسیکۆدا جێبەجێ بکات.
نوێنەرى ئەسیکۆدا لە عێراق گوتى: “ئەوەى ببەسترێتەوە بە عێراقەوە لە جێبەجێکردنى ئەسیکۆدا ئەستەمە بەهۆى ئەوەى ناتوانن بەیەک زمان کار بکەن بەتایبەت کە لە هەرێمى کوردستان زمانى کوردى بەکاردەهێنرێت”.
مەبەست و ئامانج لە دروست بونی ئەم ڕێکخراوەش ئەوەبوو کە جیهان یەکبخەن لە ئەنجامدانی ڕێکارەکانی ئاڵ و گۆڕی بازرگانی و خێرایی لە ڕیکارەکانی وەک ئەوەی لەم چەند خالەی خوارەوە دەیخەمە ڕوو:
1- بۆ باشترکردنی ئاسایش و ئاسانکاری بازرگانی نێودەولەتی.
2- هاندان بۆ کۆکردنەوەی داهاتەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و کاریگەر و کارا.
3- پاراستنی ئاسایشی کۆمەلایەتی تەندروستی و ڕووبەڕووبونەوەی ساختەکاری.
4- پشتگیریکردنی ستانداردی نێودەولەتی.
5- هاندانی هەموو لایەنە پەیوەندارەکان ولاتەکان بۆئاڵوگۆڕی زانیاری پێویست و بە سوود.
6- بەرزکردنەوەی ئاست و کاری گومرگی وە باشتر کردنی ئەدا و ناوبانگی.
7- ئەنجامدانی لێکۆلینەوە و شیکردنەوە لەسەر کێشەکانی بەرژەوەندی گومرگی و بازرگانی نێودەولەتی بە ئامانجی برەودان بە کەلتورێکی پیشەیی لە رێگەی بلاوکردنەوەی زانیاری لە نێو ئەندامانی ڕێکخراوەکە و لایەنە پەیوەندارەکانی تریشدا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی فیدڕال لە ئێستادا بڕیاریداوە کەوا سنورەکانی بە ئەلیکترۆنی بکات بۆ ئەم مەبەستەش لەگەل رێکخراوی (UNCTAD) گرێبەستی کردووە تاکو بە سیستەمێک کە پێێ دەڵێن سیستەمی (ئەسیکۆدا) سنورەکانی بە ئەلیکترۆنی بکات.