🔻بازار کردستان:
کۆمەڵەی میوانخانەکان و گەشتوگوزار دەڵێن، چاوەڕێن سەرەتای مانگی داهاتوو ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بێنە شارە جیاجیاکانەوە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، “جیاواز لە رابردوو کە زیاتر تەنیا جەژنەکانی رەمەزان و قوربان گەشتیار دەهاتن، ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەر چوار وەرزەکە گەشتیارمان هەیە و دۆخەکە زۆر باشە.”
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار گوتیشی، “ئێستا گەشتیارێکی زۆر لە هەرێمی کوردستانن و چاوەڕوانین بۆ جەژنی قوربانیش گەشتیاری زیاتر بێنە هەرێمی کوردستان.”
میوانخانەکانی هەولێر: بازاڕ باشە و هیچ شوێنێک لە بێ بازاڕیدا دانەخراوە
شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکان- لقی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، “بەگشتی هاتنی گەشتیاران باشە و میوانخانە و هۆتێلەکان کاری خۆیان دەکەن، هیچ شوێنێکمان نییە بەهۆی بێکاری یان کەمیی گەشتیارەوە داخرابێت.”
بەگوێرەی ئاماری چێشتخانە و میوانخانەکان، لە سنووری پارێزگای هەولێر 445 هۆتێل و مۆتێل، 47 گوندی گەشتیاری و سەتان کەپری گەشتیاری هەن.
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکان لقی هەولێر گوتی، ئێستا بەهۆی تاقیکردنەوەکانەوە گەشتیاری زۆر نەهاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام چاوەڕوان دەکەن لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە و بەتایبەت لە پشووی جەژندا گەشتیاری زۆر بێنە هەرێمی کوردستان.
میوانخانەکانی سلێمانی: نیوەی هۆتێلەکان گەشتیاریان تێدایە
هەر ئەمڕۆ مەحموود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان گوت، “ئێستا وەرزی گەشتیارییە و بە گرووپ گەشتیاران دێن؛ چاوەڕوانیشمان ئەوەیە لە مانگی داهاتوودا هاتنی گەشتیار زیاتر بێت، بەتایبەت بۆ پشووی جەژن.”
لە سلێمانی 380 هۆتێلی گەشتیاری، 50 هۆتێلی میلـلی، 8 هۆتێلی پێنج ئەستێرە و سەتان کابینە و کەپری گەشتیاری هەن.
سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان گوتی، “رۆژانە زیاتر لە 10 بنکەی گەشتیاری بەسەردەکەمەوە، هۆتێلەکان دەڵێن: ئەگەر 50 ژووریان هەبێت، لانیکەم 20 ژووریان گەشتیاری تێدایە، ئەمەش باشتربوونی دۆخی گەشتیارییە، چونکە مانگەکانی سەرەتای ئەم ساڵ هۆتێلێکی 50 ژووری 5 گەشتیاریشی تێدا نەبوو.”
گەشتوگوزاری دهۆک: جەژن گەشتیاری زیاتر دێن
لەبارەی دۆخی گەشتیاری لە دهۆک، شەماڵ هرووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری دهۆک، گوت، “دۆخی گەشتیاری باشە، بەڵام مانگی رابردوو زۆر باشتربوو، چونکە ئێستا لە عێراق تاقیکردنەوەی قوتابیان هەیە.”
لە سنووری دهۆک 210 هۆتێل، مۆتێل و گوندی گەشتیاری هەن.
شەماڵ هرووری گوتی، “چاوەڕێین سەرەتای مانگی داهاتوو کە پشووی جەژنیشی تێدەکەوێت، گەشتیارێکی زۆر بێنە سنوورەکەمان، بۆ ئەوەش هەموو ئاسانکاری و ئامادەکارییەکی پێویست دەکرێت.”
گەشتوگوزاری هەڵەبجە: شوێنی مانەوەی گەشتیاران زیادیان کردووە
لە هەڵەبجە گەشتیاری چووەتە پێشەوە و ژمارەی شوێنەکانی مانەوە زیاتر کراون. هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، بە رووداوی گوت، “ئێستا لە هەڵەبجە و تەوێڵە هۆتێل کراونەتەوە و مانەوەی گەشتیارانیش لە ئاستێکی باشدایە.”
هەورامان جەلال گوتی، “جگە لە هۆتێل، چەندین خانووی گەشتیاری، کابینە و مۆتێلێش لە سنوورەکەمان کراونەتەوە و ئامادەن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، كە چاوەڕوان دەکەین لە رۆژانی جەژندا بە رێژەیەکی بەرچاو رووبکەنە ناوچە گەشتیارییەکانمان.”
ڕهشنووسی دەستەی گەشتوگوزار
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەستەی گەشتوگوزار ڕهشنووسێكیان لهبهردهسته و كارى لهسهر دهكهن، تاکوو بنکە گهشتیارییهكانى ههرێم هێمن و ئارام بكاتهوه.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند “دهستهى گهشتوگوزار ڕەشنووسێکی ئامادە کردووە، بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار و ژینگە کاری لەسەر دەکەین.”
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار گوتی: ئەو ڕەشنووسە بۆ ئەوەیە بتوانرێت مەرج و پابەندییە نوێیەکان ڕێکبخرێتەوە تایبەت بە بەرزی دەنگ لە پرۆژە گەشتییارییەکان، جا هەر شوێنێکی گەشتیاری بێت.
دەشڵێت: ئامانج لێی دەنگ لە شوێنە گەشتییارییەکان بە شێوازێک نەبێت ببێتە مایەی بێزار کردنی میوانان و گەشتییاری کاران، ئەوەش لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازە، هەندێک شوێن و ئیڤێنت هەن، خۆیان پێویستییان بەوەیە دەنگەکە بەرزکەن، ئەمە کێشە نابێت.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، ڕاشیگەیاند “هەندێک شوێنی گشتیی هەیە لە شوێنە گەشتیارییەکان و گەشتیاریش وهكو پێویست پابهندی ئهوه نین، هێمنى و ئارامی بپارێزن، بۆیە بڕیارەکە بە جۆرێک دادەنرێت، ئەو دەنگە نەبێتە مایەی بیزار کردنی گەشتیاران و ئاسوودەی تێک بدات.”