🔻 یەکێک لە دیارترین پەیکەرسازە جیھانییەکان شوان کەمال ـە و لە گەڕەکە ھەژارنشینەکانی سلێمانیەوە چاوی بۆ دنیا ھەڵھێناوە و نزیکەی 30 ساڵە لە ئەوروپا نیشتەجێیە و تا ئێستا خاوەنی چەندین پەیکەری گەورە کەسایەتییەکانی کورد و جیھانییە و خاوەنی بڕوانامەی ماستەری تایبەتمەندیە لە سوێد و بووەتە ناوێکی بەرچاوی ئەو وڵاتە.
لە دیمانەیەیەکی تایبەتدا لەگەڵ «کوردستان 24»، شوان کەمال تیشک دەخاتە سەر کارە ھونەرییەکانی و دەشڵێت: لە وڵاتانی جیھان رێز لە ھونەرەکەم دەگرن، کەچی لە وڵاتی خۆم ئاوارەم و کە دەگەڕێمەوەش ئازارەکانم لە سووچێکی خانەقادا بەبێدەنگی ھەڵدەڕێژم.
شوان کەمال لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی شاری سلێمانی ھونەری خوێندووە، بە پلەی یەکەم بڕوانامەی دبلۆمی لە ھونەری پەیکەرسازی ھێناوە، بۆیە پاشان توانیویەتی لە ئەکادمیای ھونەریی زانکۆی بەغداد درێژە بەخوێندنی ھونەری بدات. لە ساڵی 1991 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ھونەری پەیکەرسازی بەدەست ھێناوە. ھەر ئەو ساڵە بووەتە مامۆستای ھونەری لە بەشی پەیکەرسازی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی. پاش سەرھەڵدانی شەڕی براکوژی لە باشووری کوردستان، ساڵی ١٩٩٤ کوردستان جێ دەھێڵێت و ڕوو دەکاتە تورکیا و پاشان یۆنان و لە ساڵی 1995 و لە شاری دوویسبۆرگ و دواتر لە نۆیس نیشتەجێ دەبێت و لە شاری دوسلدۆرف کاری ھونەری دەکات.
لە دوای ساڵی 2015 شوان کەمال لەبەر باری خێزانیی ئەڵمانیا بەجێ دەھێڵیت و لە شاری مالمۆوی وڵاتی سوێد نیشتەجێ دەبێت و بەردەوام دەبێت لە کاری ھونەری.
🔻 🔻 🔻
*یەکەم ژوانت لەگەڵ ھونەری پەیکەرسازی بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
لە منداڵیەوە خولیای وێنە کێشان بووم، بەڵام لەراستیدا لای خۆمان کولتووری هونەری شێوەکاریمان نییە، ئەگەر لاپەڕەی مێژووی ساڵانی هەشتاکان ھەڵدەیەوە، دەبینیت لە کوردستان و سلێمانی بەتایبەتی هیچ پەیکەرێکمان نەبوو، لەم وڵاتانیش منداڵ، کە لە دایک دەبێت چاوی بە هونەر و پەیکەر و باڵەخانەی جوان دەکرێتەوە،کە پەروەردەیەکی هونەرییان هەیە، جگە لە قوتابخانە هەر لەسەرەتاییەوە وانەی هونەر دەخوێنن. یەکەم جار چاوم بە پەیکەر کەوت کاتێک قوتابی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بووم لە ساڵی 1983 مامۆستا کۆسرەت جەمال خەریکی پەیکەرەکەی کاوەی ئاسنگەر بو ئیتر لەوەوە منیش زیاتر خولیای پەیکەرسازی بووم.
*خەسڵەتەکانی هونەری پەیکەرتاشی چیە؟
ھونەری پەیکەرسازی بە هونەرە ھەرە کۆنەکان ھەژمار دەکرێت، تەمەنی لەگەڵ مرۆڤایەتی دایە، چونکە ھەموو کەرەستەکانی لەبەردەستدا بووە وەک دار وبەردو ئێسکی ئاژەڵەکان، کە ڕاوی کردوون و دایتاشیون و فۆرم و ڕوخساری لێ دروست کردوون، دواتر لەگەڵ پێشکەوتنی ژیان بە کار ھێنراون بۆ لایەنی ئاینی و ڕازاندنەوەی پەرستگا و شوێنە پیرۆزەکانی تر، پەیکەر بەشێکی گرنگی مانەوە و تۆمارکردنی شارستانیەتەکانی مرۆڤایەتیە هەر لە میزۆپۆتامیاکەی خۆمانەوە بیگرە تا میسرییە کۆناکان و یۆنان و ڕۆمەکان و شارستانیەتی مەسیحی ڕۆژئاوا بیرمان نەچێت لە چین و مایاکانیش ڕۆلی خۆی هەبووە.
*کەسایەتیەکی دیار هەیە تۆ پەیکەرەکەیت نەخشاندبێت؟
پەیکەرم زۆرم بۆ کەسایەتیە کوردی و ئەوروپیەکان دروستکردووە، لەبەر ئەوەی خۆم لە ئەوروپا دەژیم و هاوڵاتی ئەڵمانی و سویدیم.
کەسایەتیە دیارەکانیانیش بریتین لە: تۆفیقی کارەبا لە هەڵەبجە، کە بە کارەساتی کیمایابارانەکە کۆچیکردووە.
پەیکەری مامۆستا شێرکۆ بێکەس، شێرزاد حەسەن، ئیسماعیل خەیات، هەمنگوای، فیلکس میندلسۆن و ھتد..
*مەرجە پەیکەرتاش ئەکادیمی بێت؟
جارێک سەردانی ئەکادیمای شاری دۆسلدۆرفم کرد لە ئەلەمانیا وتەیەکم بینی بە گەورەیی بە زمانی ئەڵمانی نوسرابووهونەرمەند دروست ناکرێت، بە ڵکو لە دایک دەبێت بەمانای هەرکەسێک بێتە ئەم ئەکادمیایە مەرج نیە ببێتە هونەرمەند ئەگەر خۆی بەهرەی تیا نەبێت.
لە ڕاستیدا خوێندن زیاتر هەل و کات بۆ کەسەکە دەرەخسێنێت توێژینەوە و ئەزموون بکات یان ئەو مامۆستایانە ڕێگەکانی پیشان بدەن چۆن خۆی و بەهرەکەی پێبگەیەنێت، ئەگینا هیچ کاتێک بە خوێندن کەس نابێتە هونەرمەند.
ئەگەر وابوایە ساڵانە بە دەیان و سەدان کەس لە پەیمانگە و کۆلیژەکانی هونەر خوێندن تەواو ئەکەن بەڵام لەوانەیە بە دەساڵ هونەرمەندێکیان تیا هەڵنەکەوێت. بۆیە وەڵامەکە ئەوەیە خوێندنی ئەکادیمی بە تەنیا شەرت نیە دەبێت بەهرە و سەلیقەی لەگەڵ بێت.
*کارکردن لەو بواری پەیکەرسازیدا لە ناوخۆی کوردستان سەختر نیە وەک ئەوەی لە هەندەران سەپۆرتی کارە هونەرییەکان دەکرێت؟
هونەر بە گشتی و هەمو بەشەکانیەوە لای خۆمان بەروارد ناکرێت بە هونەری ڕۆژئاوایی،چونکە لای خۆمان تەنیا هونەر هەیە ئیتر نە سیاسەتی کولتوری، نە بازاڕی هونەر، نە قۆناغەکانی هونەر، هیچ شتێکمان نیە.
لەم وڵاتانە جگە لە هونەرمەند چەند دام ودەزگا و ناوەندی هونەری هەیە، کە پەیوەستن بە بازاڕی هونەر، کەچی لای خۆمان تەنیا هونەرەکە هەیە، بۆیە ئاسان و سادەو ساکارە زۆر بە ئاسانی دەتوانی پەیکەر دروست بکەیت و سپۆنسەر و شوێنی دانانی بۆ پەیدا بکەیت، شارەکانی کوردستان پڕ بووە لە کاری کرچ و کاڵ و لە ئاستێکی هونەری نزمدان، لەم وڵاتانە تا کارێکی هونەری دروست دەکەیت خوێنت دەبێت بە ئاو، دۆزینەوەی سپۆنسەر و ڕەزامەندی دانانی لە شوێنی گشتیی، زۆر ئەستەمە، چونکە یەک دنیا دامودەزگا و خەڵکی پسپۆرهەیە کار دەکەن لەسەر جوانکردنی شار و پلاندانان، لە لایەکی ترەوە بازاڕی هونەر و فرۆشتنی کاری هونەرییە، کە لای خۆمان نیە، شوێنێک نیە کاری هونەری نمایش بکات و کاری هونەری هونەرمەندان بفرۆشێت، گەلەریی و گەلەریستمان نیە، هەتا ئەو بازاڕەش دروست نەبێت هونەر پێشناکەوێت.لای خۆمان کەم کەس بە هونەر بتوانێ بژیت، هونەرمەندی لای خۆمان یان فەرمانبەرە یان مامۆستایە لەم وڵاتانە هونەرمەند ماوەیەک پشتگیری لە حکومەتەوە دەکرێت، بەڵام ئەگەر نەتوانیت بە هونەرەکەتەوە بژی ئەوا پشتگیری ناکرێت، دەڵێن کارێکی تر بدۆزیتەوە باشترە، دوای ڕاپەڕین دیاردەیەک سەری هەڵدا لای ڕۆشنبیران و هونەرمەندان، کۆمەڵێک هونەرمەند، کە لە شاخ بوون یان لایەنگری لایەنێک بوون کرانە لێپرسراوی هونەر و پێگە هونەرییەکان، زۆرێکیشیان هێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان بۆ ئاسان کردن، بە شێوەیەکی سیستیماتیک کۆنترۆڵی بواری هونەریانکرد، بەمەش جگە لەوەی کۆمەڵێک کەسانی بەهرەمەند و خاوەن ئەزموون و سەلیقەی هونەری پشتگوێخران و دورخرانەوە خەڵکانێکی زۆریشیان بێ هیواکرد.
دەستوەردانیش لە کایە هونەریەکان و پڕکردنەوەی پێگە هونەرییەکان بەمجۆرە بەم کەسانە زیاتر قەیرانەکانی قوڵتر کردەوە و ئاستی هونەریشی دابەزاند.
*کامە پەیکەرە تۆ بە شاکارێکی جوانی خۆتی دەزانیت؟
کۆمەڵێک پەیکەرن، کە دروستکردنیان زۆر ئاسودەی کردووم، جگە لەوەی کاری هونەری مێژوویی بوون کاتێکی زۆریشم هەبوو تا لێکۆڵینەوە و بەدوداچوونیان بۆ بکەم لە لایەکی ترەوە بودجەیە و بڕێکی پێویستیان بۆ تەرخانکرابوو تا بتوانم بە دڵی خۆم کاریان تێدا بکەم، لەوانەش پەیکەری شاسوار ئەرنۆڵد ڕۆس، پەیکەری فوارەی دادپەروەری، پەیکەری فیلکس میندلسۆن، ئەم پەیکەرانە لام زۆر جوانن و ئاستی هونەرییان جیهانیە، هەزاران ساڵ تەمەنیان دەبێت و جارێکی تر دروست نابنەوە.
*داهێنانی تۆ وەک پەیکەرتاشێک لەو بوارە چی بووە؟
لە هونەری پەیکەرسازی داهێنانەکانم ئەو بەرهەمانەن، کە دروستمکردوون، کە لە پێش مندا کەس دیکە نەبووە لە ئەوروپا کارو پڕۆژە دروستبکات و لە شوێنە گشتییەکان نمایش بکرێت، مەبەستم ئەوەیە بێجگە لە کورد عەرەب و تورک و فارسیش جولەکەش پەیکەرسازی وایان نەبووە هاتبێتە ئەوروپا ئەم هەموو کارو پڕۆژە هونەریانەی دروست کردبێت، ئەگەر کورد نەبوومایە لە هەر گەلێکی تر بومایە کتێب و چیرۆکیان لەسەرم دروست دەکرد، کەچی نەک هەر باست ناکرێم، بۆیان بکرێت چاڵیشم بۆ هەڵدەکەنن.
*هەندەران چ ئەزموونێکی نوێی فێرکردی؟
هەندەران فێری کردم ژیان ئاسان نیە دەبێت زۆر هەوڵ بەیت، فێربووم چۆن دان بەخۆمدا بگرم و خۆڕاگربم ژیانی ئاوارەیی و دوورە وڵاتی ئاسان نیە، گرفتی گەورەی کورد بێ وڵاتیە، ئەمە وەک مرۆڤێکی کورد.
وەک پەیکەرسازێک فێری یەک دنیا ئەزموون بوم فێری دروستکردنی پەیکەربووم بەشێوەی مۆدێرن، بە نوێترین شێوەی جیهانی فێری دروستکردنی قاڵبی لم و سلیکۆن و مۆم بووم فێری داڕشتنی کانزاکانی وەک بڕۆنز و ئەلەمنییۆم و ئاسن و لەحیمکردن و بەستنەوە و سیسیلیرن بوم تا پاتینا و مۆنتاژکردنی پەیکەر، هیچ شتێک نیە نەیزانم لە بواری هونەری پەیکەرسازی، بۆیە لە پێشکەوتووترین وڵاتانی جیهان وەک کەسێکی پسپۆری بوارەکە ناسراوم، کەچی دێمەوە کوردستان لە شاری سلێمانی هەر دەچمە مەزادخانەکە و چواڕیانی خانەقا بەو شوێنانە ئاسوودە دەبم.
*راستە زۆربەی پەیکەرەکانت لە دەرەوەی وڵات دانراون؟
زۆربەی پەیکەرەکانم لە ئەورپایە لەبەر ئەوەی زۆربەی تەمەنم لەدەرەوەی کوردستان ژیاوم، بەڵام هیچ کاتێک لە فیکری کوردستان غافڵ نەبووم، بەردەوام ویستومە پردی پێوەندی دروستبکەم بە کردنەوەی پێشانگای هونەری یان دروستکردنی پڕۆژەی هونەری، بۆیە هەستم نەکردوە پشتگیری دەکرێم بەردەوام خەمساردیم بینیووە، ماوەیەک ویستم ئەزموونم بێنمەوە بۆ کوردستان کارگەیەکی بڕۆنزیان بۆ دروست بکەم، نەکرا ئەوە هەڵگورد جوندیانی شایەتحاڵی قسەکەمە و لێی بپرسن.
پڕۆژەی پەیکەری گەورەم هەبوو بۆ شارەکانی کوردستان هەر نەکرا تەنیا ئەو پەیکەرەی یوستیسیا نەبێت ئەوەی بەردەم باڵەخانەی دادی هەولێر.
ئەم پەیکەرە لە بڕۆنز بە کوالێتی جیهانی لە ئەڵمانیا دروستم کردووە سالی ٢٠١٣، لەگەڵ ئەو پەیکەرانەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس لە بەردەم دەزگا و پەخشی سەردەم دانەیەکیش لە پارکی ئازادی لە سەر ئارامگاکەی. لەم دوایانەش چەند خەڵاتێکم دروستکردوە بۆ کوردستان لەوانە خەڵاتی کامەران بۆ فۆتۆگرافی، خەڵاتی دانا ڕەووف بۆ دەقی شانۆیی و خەڵاتی کارۆ بۆ نووسین ئەم ساڵ درایە حوسێن عارف، داوای پڕۆژەی زۆریان لێکردوم بۆ کوردستان هیوادارم بتوانم دروستیان بکەم. لەگەڵ ڕێکخراوکی ئەڵمانیش گرێبەستم هەیە بۆ ئەنفال پەیکەرێکیان بۆ دروستبکەم لەناو ڕۆژە مەزنەکەی ئەنفال دادەنرێت لە گەرمیان.
*دوا پەیکەر بۆ کێ دروست دەکەیت؟
دوا پڕۆژەی هونەریمان هەفتەیەک لەمەوبەر تەواو بوو لە شوێنی خۆی لە سەر دەریای شاری مالمۆ دامنا، پەیکەری شازادەی دەریا، پەیکەرەکە و بە قەبارەی مرۆڤی سروشتیە لە مادەی بڕۆنز دامڕشتووە، لەسەر داواکاری ئەندازیارێکی سویدی بۆ کارگەی بڕۆنزی ڕۆسنگرێنز دروستمکردووە. ئەم پەیکەرەکەش بریتیە لە گێڕانەوەی چیرۆکی پەری دەریایەک لەگەڵ شازادەیەک، کە بە خۆشی و کامەرانی دەژین تا کاتێک شازادە مێیەکی تر دەدۆزێتەوە، بەم کارەی پەری دەریا دڵگران و توڕە دەبێت بۆیە نزا دەکات شازادە ون بێت لە قوڵایی دەریا و ئۆقیانوسەکان. فکرە و ئیلهامی چیرۆک و کەسایەتییەکان لە شانۆنامەکانی نووسەری دانیمارکی هانس کریستیان ئەندرسۆنەوە وەرگیراوە و پەیکەری پەری دەریاش ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە شاری کۆبنهاگنی پایتەختی دانیمارک لە بڕۆنزە و بە قەبارەی سروشتی ئافرەتێکە لەسەر بەردێک دانیشتوە خەمبارە و چاوەڕوانی پێوە دیارە، ئەوە دوای ١٠٠ ساڵ لەموبەر دەریاکەوە لە کەنارەکانی شاری مالمۆ ڕێک بەرامبەر پەیکەرەکەی پەری دەریا ئەم پەیکەری شازادەی دەریا دەرکەوتەوە، پەیکەرەکەی دانیمارک پەریەکە بە دانەیەک لە پەیکەرە گرنگەکانی جیهان ھەژمار دەکرێت، ساڵانە بە ملیونەها گەشتیار سەردانی دەکەن، سوێدییەکانیش بەو هیوایەن ئەم پەیکەرەی شازادە وەک ئەوەی دانیمارگ گرنگ و ناسراوبێت لە جیهاندا.
