بازرگانان پێویستە ناسنامەی باج لە حکومەتی فیدراڵی وەربگرن:

 

🔻بازاڕی کوردستان:

دەستەی گشتیی گومرگی عێراق ئەو کۆمپانیا بازرگانییانەی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە کە لە بەندەر و خاڵە سنوورییەکانی عێراقەوە خۆراک و کەلوپەل هاوردە دەکەن، پێویستە ناسنامەی باج لە حکومەتی فیدراڵی وەربگرن.

سەرەڕای ئەو بڕیارە، میکانیزمێک بۆ دانپێدانانی باجی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دانراوە. هیوا عەبدوڵڵا، خاوەنی کۆمپانیای هێنان بۆ بازرگانیی خۆراک، روونی دەکاتەوە کە هەر کۆمپانیایەک پاکتاوی باجی ساڵانەی هەرێمی کوردستان بباتە بەغدا، دانی پێدا دەنرێت و بەبێ وەرگرتنی هیچ باجێکی دیکە، دەتوانێت لە بەندەرە ئاوی و وشکانییەکانی عێراقەوە کەلوپەلەکانی هاوردە بکات.

ئێستا بەشێک لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان، لە رێگەی کۆمپانیای دیکەوە وەک بریکار کار دەکەن کە پاکتاوی باجیان کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن خۆراک و کەلوپەلەکانیان لە بەندەرەکانی عێراقەوە بهێننە ناوەوە، ئەمەش بە گوتەی دکتۆر حامی هەرکی، خاوەنی کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی.

بڕیارە نوێیەکەی دەستەی گومرگی عێراق، کۆمپانیاکان ناچار دەکات کە ئەگەر باجی ساڵانەیان لە هەرێمی کوردستان نەدابێت، ئەوا دەبێت راستەوخۆ باج بە حکومەتی عێراق بدەن. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی هەموو وڵات یەک سیستەمی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان پەیڕەو بکرێت.

محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە رووداوی راگەیاند: “پێویستە رێکارەکان لەنێوان ناوەند و هەرێم یەکبخرێن. سەبارەت بە باجی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، ئێمە لە چوارچێوەی یەک حکومەتدا کار دەکەین و پێویستە کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەوە چارەسەر بکەین. پێم وایە یەکخستنی رێکاری تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، تا رادەیەکی زۆر کاریگەریی لەسەر نەهێشتنی وەرگرتنی باجی دووبارە دەبێت.”

سەرۆکی دەستەی گومرگ، حەسەن عگێلی بە میدیای ناوخۆیی گوت: “دەستەکەیان لە بەردەم لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستکەوتەکانی 2024 و پلانەکانی 2025یان خستووەتە ڕوو.”

حەسەن عگێلی، ڕوونیشی کردەوە “دەستەی گشتیی گومرگ، کاردەکات بۆ ئەوەی لەماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی و فراوانکردنی بۆ سەرجەم ناوەندەکانی گومرگ تەواو بکات”، ئاماژەی بەوەش کرد، “ئامانج ئەوەیە سەرجەم دەروازە گومرگییەکان سیستەمی ئەلیکترۆنی و نوێترین شێوازە گومرگییەکان کە پشت بە تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکرد دەبەستێت، پەیڕەو بکەن.”

گوتیشی: لەساڵی 2024، داهاتی دەستەی گشتیی گومرگ، بەبێ گومرگەکانی هەرێمی کوردستان، ترلیۆنێک و 131 ملیار دینار بووە، پیشبینیش دەکەین داهاتە گومرگییەکان بۆ ئەمساڵ زیاتر بێت.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان، ئێستا نزیکەی حەوت هەزار و 782 کۆمپانیای بازرگانیی گشتی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.

 

 

نوێترین هەواڵ

هەواڵی پەیوەندیدار