خاوەن کۆمپانیایەکی گواستنەوە دەڵێت، مانگرتنی شۆفێران لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەروازە سنوورییەکانی چۆڵکردووە و زیانی لە بازرگانانی باشووری کوردستان داوە.
د. حامی ساڵح، خاوەن کۆمپانیای گواستنەوە دەڵێت، گرنگیی کەرتی گواستنەوەی بارهەڵگر لە ئێراندا لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە 433 هەزار بارهەڵگر لە وڵاتەکەدا هەن و 552 هەزار کەس راستەوخۆ لەو کەرتەدا کاردەکەن.
ژمارەی ئەو کەسانەی بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدارن لەم کەرتەدا، زیاترە لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەسە. ئەم کەرتە تەواوی ئابووریی ئێرانی لە باکوورەوە بۆ باشوور و لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا بەستووەتەوە.
د. حامی ساڵح دەڵێت، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەم کەرتە، کۆنیی بارهەڵگرەکانە کە تەمەنی زۆربەیان دەگەڕێتەوە بۆ 50 بۆ 60 ساڵ پێش ئێستا. ئەوانەشی کە نوێن، زۆربەیان دروستکراوی چینن و نیگەرانی لەبارەی کواڵیتییانەوە هەیە، بەتایبەتی کە هەر بارهەڵگرێک بە بارەوە کێشی دەگاتە نزیکەی 40 بۆ 41 تۆن.
مانگرتنەکە وایکردووە کە دەروازە سنوورییەکان بەتەواوی چۆڵ بن. د. حامی ساڵح دەڵێت: “یەک باریش هاوردەی هەرێمی کوردستان نەکراوە”. مەزەندە دەکرێت رێژەی شۆفێرە مانگرتووەکان 50٪ زیاتر بێت، بەتایبەتی کە زۆربەی ئەو شارانەی زۆرترین بارهەڵگر و پیشەسازییان هەیە، لەنێو شارە مانگرتووەکاندان.
نزیکەی 30٪ بۆ 35٪ـی بارهەڵگرەکانی ئێران کە دەکاتە نزیکەی 100 هەزار تانکەر، تایبەتن بە گواستنەوەی سووتەمەنی و ئەوانیش بەشدارن لە مانگرتنەکەدا.
ئەو خاوەن کۆمپانیایە دەڵێت، کەرتی گواستنەوە لە رێگەی بارهەڵگرەوە بە “بڕبڕەی پشتی گواستنەوەی ئێران” دادەنرێت و بەرپرسە لە گواستنەوەی نزیکەی 80٪ـی کاڵا لەنێوخۆی ئێران، لەوانە کاڵای خاو، بەرهەمی کشتوکاڵی، کەرەستەی بیناسازی و خۆراک؛ هەروەها رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە هەناردەکردنی کاڵای ئێرانی بۆ وڵاتانی دراوسێ و وەک دەروازەیەکی ترانزێت لەنێوان ئاسیا و ئەورووپا کاردەکات، ئەمە سەرەڕای سزا ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکە.
کاریگەریی مانگرتن لەسەر بازرگانیی هەرێمی کوردستان و عێراق
کاریگەریی مانگرتنەکە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق زۆر راستەوخۆ و خێرایە. د. حامی ساڵح دەڵێت: “بازرگانان لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی گرفتی گەورە بوونەتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی گرێبەستیان بۆ هێنانی کاڵا هەیە”.
ئەو خاوەن کۆمپانیایە دەڵێت، “بۆ نموونە، کەرەستەی بیناسازی وەک سیرامیک و مەڕمەڕی هیندی کە لە رێگەی ئێرانەوە ترانزێت دەکرێن، هەروەها مادەی خۆراکی وەک سپیایی، شیرەمەنی و ساردەمەنی، چیدیکە ناگەنە بازاڕەکان یان بەرهەمهێنانیان راگیراوە.”
ئەوە لە کاتێکدایە کە بە گوتەی سەید حەمید حوسێنی، ئەندامی بۆردی ژووری بازرگانیی عێراق-ئێران، ئێران ساڵی رابردوو بایی 12 ملیار دۆلار کاڵای بۆ عێراق هەناردە کردووە. لەو بڕە، 4 ملیار دۆلاری گاز و 8 ملیار دۆلاری گاز بووە.
ئەو 8 ملیارە، 50٪ـی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بووە.
هۆکارە کەڵەکەبووەکانی پشت مانگرتنی شۆفێران
هۆکارەکانی تووڕەیی و مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگر لە ئێران چەندین لایەنی هەیە کە بە درێژایی ساڵان کەڵەکە بوون، لەوانە:
- بەرزیی نرخی سووتەمەنی: نرخی گازوایل کە پێشتر بە 300 تمەن بوو بۆ هەر لیترێک، ئێستا سێ نرخی جیاوازی هەیە. تاوەکو 500 لیتر بە 300 تمەنە؛ تاوەکو 200 لیتر دواتر بە 15 هەزار تمەنە، واتە 50 هێندە زیاتر و دواتریش بە شێوەی ئازاد و ناحکومی بە 30 هەزار تمەنە بۆ هەر لیترێک، واتە 100 هێندە زیاتر.
- زیادبوونی تێچووی کارکردن: کۆنیی بارهەڵگرەکان وایکردووە کە تێچووی چاککردنەوەیان زۆر گران بێت. نرخی پارچەی یەدەگ و تایەی بارهەڵگر بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، کە زۆربەیان ئێرانی یان چینیی کەم کواڵیتین و بە گوتەی د. ساڵح، “هەندێک (پێوەر) هەیە لەناو ئەو تایانە نییە”.
- زیادبوونی تێچووی بیمە: پشکی بیمەی خانەنشینی مانگانە بۆ هەر شۆفێرێک بووەتە سێ ملیۆن و 300 هەزار تمەن، کە بڕێکی زۆرە بۆ داهاتی شۆفێرێک و لە کۆتایی مانگدا هیچی بۆ نامێنێتەوە.
- کەمبوونەوەی نرخی گواستنەوە: شۆفێران دەڵێن کرێی گواستنەوەی کاڵا بەراورد بە تێچووە راستەقینەکان زۆر کەمە و هیچ داهاتێکی ئەوتۆیان بۆ نامێنێتەوە.
- لێبڕینی کرێی گواستنەوە لەلایەن دەڵاڵەکانەوە: کۆمپانیاکانی لۆجستیک یان دەڵاڵەکان بە شێوەیەکی نائاسایی نزیکەی 23٪ـی کرێی بارەکان بۆ خۆیان هەڵدەگرن. بۆ نموونە، ئەگەر کرێی بارێک لە تارانەوە بۆ حاجی ئۆمەران 30 ملیۆن تمەن بێت، دەڵاڵەکە 5 بۆ 7 ملیۆن تمەنی بۆ خۆی دەبات.
- زیادبوونی باجی رێگەوبان: حکومەت باجی زیاتری لەسەر هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە رێگەوبانەکاندا داناوە.
سهرچاوه: رووداو